ئەو کەسانەی یەک فلس پارەی خوێندنی باڵا نادەن
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری لێخۆشبوونی دەرکرد، بۆ کرێی خوێندنی هەریەکە لە نابینایان، خاوەن پێداویستی تایبەت، یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆکان ئەوانەی دانەمەزراون، هەروەها کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان و ئەنفالکراوان، جگە لەوە چەند بڕیارێکی دیکەشی دەرکرد.
ئەمڕۆ 4.4.2023 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتدا هەشت بڕیاری دەرکرد.
بە گوێرەی بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بێت، هەر کەسێک ئەگەر نابینا یان خاوەن پێداویستی تایبەت بێت، یانیش بە پلەی یەکەم و دووەم و سێیەم دەرچووی زانکۆ بێت و دانەمەزرابێت، یان کەسوکاری پلە یەکی شەهید بێت، %100 لە کرێی خوێندنی باڵا بۆ وەرزی خوێندنی 2023 – 2024 دەبەخشرێن.
لە بڕیارەکەی وەزارەتدا ئەوەش هاتووە، کورسی بۆ هەریەکە لەو توێژانە لە دەرەوەی ئەو پلانە دەبێت، کە وەزارەت بۆ ئەمساڵی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا تەرخانی کردووە.
وەزارەت بڕیاری داوە لەمەودوا ساڵانە دەرفەتی خوێندنی باڵا بۆ ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا بکاتەوە، لە کاتێکدا ئەوە سێ ساڵە پرۆسەی پێشکەشکردنی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان نەکراوەتەوە.
رۆژی 29.3.2023 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی کوردستان، حەوت هەزار و 614 کورسی بۆ هەریەکە لە ماستەر و دبلۆمی باڵا و دبلۆمی باڵای یەک ساڵە و دکتۆرا تەرخان کرد، بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 وا بڕیارە سەرەتای مانگی ئەیلول پرۆسەی خوێندن دەستپێبکات.