ئەندازەی پارکەکانی هەولێر: تا هەفتەیەکی دیکە تۆرکە و قەلۆغانی پارکەکان لێمەکەنەوە

فەهمی نەبی

ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، هەڵمەتی رشاندنی دەرمانێکی کیمیایی بەناوی گڵایفۆسێت دەستپێکردووە، کە رێگری دەکات لە گەشەکردنی گژوگیای پارک و باخچە و قەراغ شەقامەکان، ئەمەش بۆ دروخستنەوەی مەترسی ئاگرکەوتنەوەی پارکەکان لە وەرزی هاوین.

ساڵانە لەمانگی چوار ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گڵایفۆسێت دەڕشێنێت، ئەمەش بۆ رێگرییە لە گەشەکردنی گژوگیای خۆڕسک، بەوتەی بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر “ئەگەر ئەو دەرمانە نەڕشێنن تا هاوین ئەو گژوگیایە بەرز دەبێتەوە و ئەگەری گڕگرتنی زۆرە”.

ئەمڕۆ 4.4.2023 رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لەبارەی هەڵمەتەکەیان، ئەو زانیاریانەی بە 964 وت “هەڵمەتەکە پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت، هەولێر شەش شارەوانی هەیە، لەهەموو شارەوانیەکان 250 کەسمان تەرخانکردووە تا ئەو دەرمانە بڕشێنن”.

عەبدولستار ئەبوبەکر، ئەندازیاری کشتوکاڵی و هاوکات سەرۆکی تیمی ئەندازەی پارکەکان، بە 964ی وت “ئەو مادەیەی بەکاریدەهێنین پێی دەوترێت GLYPHOSATE -گڵایفۆسێت، مادەیەکی کیمیایی قڕکەرە، هەموو ئەو گژوگیایانە دەسوتێنێت کە خۆڕسکن، ئەم دەرمانە نابێت نزیکی دار بکەوێتەوە چونکە دارەکە دەسوتێنێت”.

بەوتەی ئەو ئەندازیارەی کشتوکاڵ، “دەرمانی گڵایفۆسێت زیانی بۆ مێروو هەیە، بەڵام لەناوی نابات، ئێمە هۆشداری دەدەینە خەڵک تا هەفتەیەکی تر گژوگیای بەهاری وەک تۆڵکە و قەلۆغان لە پارک و قەراغی شەقامەکان لێنەکەنەوە، چونکە ئەو مادەیەی رشاندومانە کیمیاییە و زیانی هەیە”.

شاری هەولێر خاوەنی زیاتر لە 450 پارک و باخچەیە، لەو ژمارەیە 20 پارگی گەورە هەیە.