کارتی سەرجەم خانەنشینان تەواودەکرێت

لە سلێمانی 7000 خانەنشین بە کارتی ئەلیکترۆنی موچە وەردەگرن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

7000 خانەنشینی سلێمانی موچەی مانگی ئادار بە کارتی ئەلیکترۆنی وەردەگرن. بانکی مەڵکەندی دەڵێت، پڕۆسەکە بەردەوامە و کارتی سەرجەم خانەنشینان تەواودەکەن.

86 هەزار خانەنشینی شارستانی و سەربازی لە پارێزگای سلێمانی موچەکانیان لەسەر بانکی مەڵکەندییە.

تۆڕی 964 دەزانێت، مانگی شوبات کارتی ئەلیکترۆنیی 1400 خانەنشین تەواو کرابوون و مووچەیان پێوەرگرت.

شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە  سلێمانی بە تۆڕی 964ـی وت، “مانگی شوبات هیچ کێشەیەک لە وەرگرتنی مووچە بە کارتی ئەلیکترۆنی دروست نەبوو، ئەم مانگەش حەوت هەزار خانەنشین بەو کارتە مووچە وەردەگرن”.

دەشڵێت، پڕۆسەکە بەردەوامە و قۆناغ بە قۆناغ کارتی ئەلیکترۆنیی خانەنشینان بۆ وەرگرتنی مووچە چالاک دەکەن.