عێراق و ئێران سنووریان مەحکەمتر دەکەن
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
پۆلیسی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆبوونەتەوە، دەیانەوێت لە رێگەی پێکھێنانی ھێزی نوێ و زیادکردنی قولە سەربازییەکان کۆتایی بەھەموو ئەو قسانە بھێنن کەلەبارەی بۆشایی سنورەکانەوە دەکرێت.
ئێران و عێراق بۆ پاراستنی سنوورەکانیان رێککەوتنی دوولایەنەیان ھەیە، کە لەنوێترین چاوپێکەوتنیدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، ھێزی چەکدار و دانانی بارەگا لەناوچە سنوورییەکان رێگەپێنەدراوە و پاراستنی سنورەکانیش ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە کە جێبەجێی دەکەن.
عەقید کاروان خۆشناو، وتەبێژی پۆلیسی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنووری حکومەتی عێراق، ئەمرۆ دووشەممە بە 964ی وت “لە چەند رۆژی رابردوودا پۆلیسی پاسەوانی سنووری ئێران و پاسەوانی سنووری عێراق-ناوچەی یەک کۆبوونەتەوە، لە کۆبونەوەکە باس لەھەوڵی دەربازبوونی خەڵک کراوە کە لە دیوی ئێرانەوە کاتێک بۆ کارکردن دێنە ھەرێمی کوردستان یان هاتنی کەلوپەلی قاچاغ، لە ئێستادا سنورەکانی سلێمانی لەو بارەیەوە ئارامە”.
عەقید کاروان ئەوەشی وت، لەگەڵ لایەنی ئێرانی ھیچ کێشەیەکیان نییە، ئەوان چاوەڕێی ئەوەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق رەزامەندی بدات لەسەر دامەزراندنی دوو ھەزار و 621 کەس، کە بەوتەی خۆشناو، ئەم ھێزە ئەرکیان دانانی قولەی سەربازی و بنکەی چاودێرییە لە رەبیعە تا باشماخ، بەمەش دەنگۆ و واتە واتی ناجێگیری سنوور نامێنێت.
لەبارەی جێگیربوونی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور لە جێگەی بنکە و بارەگا کاتییەکانی ھێزە چەکدارەکانی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی سلێمانی، وتەبێژی پۆلیسی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور وتی “ئێمە پۆلیسی پاسەوانی سنوورین ھەر بڕیارێکمان بۆ بێت وەکخۆی جێبەجێی دەکەین”.
لە عێراق سێ ناوچەی هێزەکانی سنور هەیە، ناوچەی یەک، ئەرکی پاراستنی سنوری هەرێمی کوردستانە، کە بارەگاکەی لە هەولێرە، کۆی ئەندامانی ئەو فەرماندەییە نزیکەی شەش هەزار و 500 کەسە، بە درێژایی نزیکەی هەزار و 30 کیلۆمەتر سنوور دەپارێزن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی