پێشانگای ئامێری ئەلیکترۆنییان کردووەتەوە بە سپۆنسەری خۆیان

964+
هۆگر عەدنان

ئەمە یەکەمجارە لەسەر ئاستی زانکۆی چەرمۆ پێشانگایەکی کاری دەستی بۆ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بکرێتەوە.

سێ خوێندکار بە سەرپەرشتی فەرمانبەرێکی زانکۆکە بە ئیشەکە هەستاون، کە 200 هەزار دیناری تێچووی پێشانگاکەش هەر خۆیان دابینیانکردووە.

بە قسەی شەنگە محەمەد، کە خوێندکاری بەشی فیزیایە و یەکێکە لە سێ داهێنەرەکە، پێشانگاکە ئامێری وای تیادایە کە لە کاتی هەبوونی ژاوەژاو گڵۆپەکانی ناوماڵ دادەگیرسێنێت.

خوێندکارانی بەشەکانی دیکەی زانکۆکە هاتوون و بە گرنگیەوە لە داهێنانی خوێندکارەکان دەڕوانن، بەشێکیان داوا دەکەن ئەم داهێنەرانە زیاتر پاڵشتییان بکرێت.

پێشانگاکە بە هاوکاری و سەرپەرشتی تەحسین فارووق کراوەتەوە کە فەرمانبەرێکی کارگێڕی و یاسایە و حەز و خولیای بۆ ئەو ئیشە زانستیانە هەیە، ئەو دەڵێت، دەتوانن کاری گەورەتریش بکەن.

لە پێشانگاکەدا کە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، 15 کاری دەستی ئەلیکترۆنی خراونەتەڕوو، ئەمە جگە لەوەی بە قسەی خۆیان، ئامێرێکی (پاوەرسەپلای)یان بۆ تاقیگەیەکی فیزیای پزیشکی درستکردووە کە بۆ کارەکانی رۆژانەیان لە بواری پزیشیکی سودی لێدەبینن.