خاوەن مۆلیدەکانی زاخۆ لە 212 ملیۆن دیناری خەڵک خۆش دەبن
+964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
خاوەن موەلیدەکانی کارەبای ئەهلی لە ئیدارەی زاخۆ لەبەر مانگی رەمەزانی پیروز داشکاندنێکی بچوک لەسەر بەهای ئەمپێری کارەبا دەکەن.
لەبەر هاتنی مانگی رەمەزانی پیروز و ئەنجامدانی چەندین چالاکی خێرخوازی لە لایەن کەرتە تایبەت و گشتییەکانەوە، وەک هاوکارییەک بۆ خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانیش بەشدارییان کرد و لە جیاتی وەرگرتنی نۆ هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک، داوای هەشت هەزار و 500 دینار لە خەڵکیان کرد.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەر لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە کە ناحیەی ” بێگوڤا ” یە، تا دەگاتە رۆژئاوای شارەکە، کە ناوچەی ” دێرەبوونە ” سەرجەم مۆلیدە ئەهلییەکان رێککەوتن بۆ هەر ئەمپێرێک 500 دینار کەمتر لە هاوڵاتیان وەربگرن، بەمەش 24 هەزار و 941 ئەمپێری کارەبا بۆ مانگی چوار کردوویانە دیاری.
وەڵات هەجەر، بەرپرسی کارگێری لە قایمەقامیەتی زاخۆ بۆ تۆڕی 964 وتی: خاوەن موەلیدەکانیش وەک خاوەن بەنزینخانەکان، مارکێت، دەرمانخانە و تاقیگەکان، داشکاندنیان بە بۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆز بۆ هاوڵاتیانی ئیدارەی زاخۆ ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی یەک خاوەن مۆلیدەیە ناڕەزایەتی دەرببڕێت، هەموویان رێککەوتن بۆ هەر ئەمپێرێک 500 دینار کەم بکەنەوە، ئەمەش بە راوێژ ئەنجامدرا، نەک سەپاندن.
ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای مانگی رەمەزاندا، کەرتی تەندروستی و بازرگانی داشکاندنیان لەسەر بەرهەمەکانی خۆیان بۆ خەڵک ئەنجام دا و تا کوتایی رەمەزان ئەم کارە خێرخوازییانە بەردەوام دەبن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا