دەوامی زانکۆی سلێمانی راگیرا

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا بە راگرتنی دەوام، بەهۆی خۆپیشاندانی خوێندکارانەوە.

راگرتنەکە رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی جەختمانکردەوە لە پشتیوانی داواکارییە رەواکانی خوێندکار بە تایبەت پێدانی دەرماڵە و پشتیوانی دارایی بۆیان”.

دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەدا لەبەر پاراستنی سەر و گیانی خوێندکاران و ئاسایش و ئارامی زانکۆی سلێمانی و دروست نەبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی، بڕیاری راگرتنی دەوامیان داوە بۆ سێ رۆژی داهاتوو.

ماوەی دوو رۆژە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمان بە چڕی دەستیپێکردووەتەوە، داوای دەرماڵە و کەمکردنەوەی پارەی خوێندنی پارالێڵ دەکەن، لە بەرانبەردا هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامیان دەدەنەوە.

ئەوە جگە لە خۆپیشاندانی خوێندکاران لە زانکۆکانی گەرمیان، هەڵەبجە و راپەڕین بە هەمان ئەو هۆکارانە.

پێشتر، میدیازان قسەی کردبوو لەگەڵ عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەو رەتیکردەوە هیچ بڕیارێک لەبارەی دەرماڵەی ئەمساڵ درابێت.

بە دیاریکراوی وتبووی، “تاوەکو ئێستا لەبارەی خەرجکردنی دەرماڵەی ئەمساڵ بڕیارمان نەوە”، ئاشکرای نەکرد بە نیازی چین لە داهاتوودا.

بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغدا و دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش، نزیکەی شەش ساڵ پێدانی دەرماڵە راگیرا، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە فشاری خوێندکاران جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا، نزیكەی ١٣٠ هەزار خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو پاڵپشتییە داراییە سوودمەند دەبن و مانگانە نزیکەی شەش ملیار دیناریان پێویستە.