هەفتەیەک بۆ جێبەجێکردنی دیاریکراوە
دانیشتوانی گۆیژە سیتیی دوو و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دانیشتوانی گۆیژە سیتیی دوو و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی پڕۆژەکە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە چارەسەری کۆتایی.
رۆژی 13.3.2023 دانیشتوانی پڕۆژەی گۆیژە سیتیی دوو لە شاری سلێمانی کێشەکانیان بردە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەنجوومەنەکەش بەدواداچوونی بۆ کردن.
کێشەی دانیشتوانی پڕۆژەکە بریتی بوو لە کێشەی کارەبا و خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت لە ئاسانسێری ناو باڵەخانەکان و فڕێدانی زبڵ و خاشاک و دابینکردنی سەوزایی، بەو هۆیەشەوە پارەی خزمەتگوزارییەکانیان نەدەدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2.4.2023 ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری دانیشتوان و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی پڕۆژەکە کۆبوونەوە و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ چارەسەری کێشەکانیان ئامادەکردووە.
تۆڕی 964 لە زاری دانیشتوانی پڕۆژەکەوە، کە نەیانویست ناویان بڵاوبکرێتەوە دەزانێت، ماوەی هەفتەیەک دیاری کراوە بۆ جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکە، دوای ئەوە لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سەردانی پڕۆژەکە دەکاتەوە و ئەگەر لێکتێگەیشتنەکە جێبەجێ کرابوو ئەوکاتە واژۆدەکرێت.
تۆڕی 964 چەند جارێک پەیوەندیی بە رەمەزان نامیق کەریم، سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکانی ئەنجوومەنەکەوە کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
ناوبراو لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاشکرای کردووە: کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی پڕۆژەکە بەڵێنیان داوە هەر کەموکوڕییەک هەبێت چارەسەری بکەن.