هاوڵاتیانیش ئاگادار دەکرێنەوە

هەر کاسبکارێک پیسی بڵاوبکاتەوە لە 30 تا 60 هەزار دینار سزادەدرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هەر کاسبکارێکی سلێمانی پیسی بڵاوبکاتەوە لە 30 تا 60 هەزار دینار سزادەدرێت، ئەوە بڕیاری شارەوانیی سلێمانییە و لە رێگەی لیژنەکانیەوە جێبەجێی دەکات.

بەهۆی مانگی رەمەزان و قەرەباڵغی ناوبازاڕەوە، خۆڵ و پاشماوەیەکی زۆر لە ناوبازاڕی شاری سلێمانی کۆدەبێتەوە و رۆژانەش لە لایەن تیمەکانی شارەوانی و کۆمپانیاکانی پاککەرەوەوە خۆڵ و خاشاکەکان کۆدەکرێنەوە.

تۆڕی 964 دەزانێت، هەموو رۆژێک لە ناوبازاڕی سلێمانی 1000 تۆن خۆڵ و خاشاک فڕێدەدرێت و لەگەڵ نزیکبوونەوەی بۆنەکانی وەک جەژن و نەورۆز بۆ 1200 تۆن بەرز دەبێتەوە.

سزای پیسکردن و فڕێدانی خۆڵ و خاشاک بۆ سەر شۆستە و شەقامەکان لە لایەن کاسبکارانەوە 30 تا 60 هەزار دینارە. ئەمە وتەی زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانییە.

دەشڵێت “هاوڵاتیانیش ناوبازاڕ پیس دەکەن و ئاگاداریمان بۆ ئەوانیش هەیە هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ژینگە بکەن و ناوبازاڕ پاکوخاوێنتر رابگرن”.