وینە: 964+
“كه‌مترین رێژه‌ى وانەبێژانى كورد له كه‌ركوك داده‌مه‌زرێن”
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
به پێى بڕیارێكی وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق، مامۆستایانی وانەبێژی خۆبەخشى كه‌ركوك داده‌مه‌زرێن، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش ده‌ڵێت “دژى ئه‌و بڕیاره‌م چونكه كه‌مترین رێژه‌ى بۆ كورده”.
به پێی ئه‌و نووسراوه‌ى ده‌ست تۆڕی 964 كه‌وتووه، وەزارەتی پەروەردەی عێراق به نووسراوێكی فه‌رمی ژماره (ت10) له 2.4.2023، بڕیاری دا بە دامەزراندنی 17 هه‌زار و 367 مامۆستای وانەبێژ له کەرکوک لەسەر میلاکی وەزارەتەکەی.
ئه‌م بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق، دوای چەندین گردبونەوە و خۆپێشاندان دێت، كه مامۆستایانى وانه‌بێژ له رابردوودا داواى دامه‌زراندنیان ده‌كرد.
دیلان غەفور، نوێنەری کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق، بە 964ـی وت، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەى عێراق، بڕیاری دامەزراندنی هەمیشەیی بۆ وانەبێژانی چوار پارێزگای عێراق پەسەند کرد، كه یەکێک لەو پارێزگایانە کەرکوکە، وتیشی “وەک نوێنەری کەرکوک دژی ئەو دامەزراندنەم، چونکە به هیچ شێوەیەک هاوسەنگی نەکراوە لە نێوان نەتەوەکاندا، زۆرینەی بۆ نەتەوەکانی غه‌یرە کورد دانراوه”.
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه، دەبوو نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستیان هەبووایە و رێگرییان لێبکردایە، بەڵام ده‌ڵێت “تازە رۆیشت و هیچمان پێناکرێت، بۆیه بۆ داهاتوو دەبێت نوێنەرانمان لە ئەنجومەنی وەزیران رێگریی بکەن لە بڕیاری لەو شێوەیە” .
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن