گوایە 22 چەقۆی لێدراوە
پۆلیسی سلێمانی رەتیدەکاتەوە تەرمی کچە خوێندکارێک بە کوژراوی دۆزرابێتەوە
964+
دیلان محەمەد
ئەمشەوی شەممە، دەنگۆیەک بڵاوبووەوە گوایە لە نزیک زانکۆی سلێمانی ناوچەی قلیاسان، تەرمی کچە خوێندکارێکی تەمەن 18 ساڵ دۆزراوەتەوە کە ئاسەواری 22 چەقۆ بە پشتیەوە بووە، بەڵام پۆلیسی شارەکە رەتیکردەوە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ی وت، ئەو دەنگۆیە درۆی نیسانە و رووداوی لەو شێوەیە لەلای ئەوان تۆمارنەکراوە.
هەر ئەمشەو، 964 دەنگۆیەکی دیکەی ساغکردەوە و دەرکەوت درۆیە، گوایە لە گۆڕستانی شاخکێی دهۆک تەرمی منداڵێکی مەلۆتکەی پێنج رۆژە دۆزراوەتەوە.
بۆ ساغکردنەوەکە، قسەمان لەگەڵ پۆلیسی دهۆک و گۆڕهەڵکەنی گۆڕستانەکە کرد، وتیان دوورە لە راستییەوە.
964 سۆراغی ئەو دەنگۆیانە دەکات کە رۆژانە بە راست و هەڵە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاودەکرێنەوە و بە تەکنیکەکانی رۆژنامەوانی ساغیان دەکاتەوە.
پێداچوونەوە: هێمن بەکر