"24 کاتژمێری دەبێت"
بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی بەردەڕەش دەکرێتەوە
964+
عەمار عەزیز – دهوک
دواجار بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی گشتی بەردەڕەش دەکرێتەوە و بە قسەی بەرپرسان، 24 کاتژمێری دەبێت.
بڕیارە سبەی یەکشەممە، 2.4.2023، بەشی فریاکەوتنی خێرا لە بنکەی تەندروستی قەزای بەردەڕەش بکرێتەوه، ئەمەش لەکاتێکدایە دەمێکە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش تەواوبووە، بەڵام بەهۆی دابین نەکرنی پێداویستی تەندروستی، نەکرابووەوە.
نەشوان بەرزنجی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی قەزای بەردەڕەش بە 964ی وت، “سبەی بۆ یەکەمجار لە مێژووی بەردەڕەش بەشی فریاکەوتنی خێرا لەناو بنکەی تەندروستی قەزاکە دەکرێتەوە، ئەم بەشە 24 کاتژمێر پێشوازی لە نەخۆش دەکات و هەموو رۆژێکیش بەپێی خشتەیەک پزیشکێک لەگەڵ چەند کارمەندێک ئامادە دەبن”.
نەشوان بەرزنجی دەشڵێت، ئیتر رووداوەکانی هاتوچۆ، جەڵتە، بەرزبوونەوەی شەکرە و هەموو چارەسەرە خێراکان لەم بەشە چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەکرێت و پێویست ناکات بچنە ئاکرێ یان دهۆک.
بەردەڕەش لە ساڵی 2007ـەوە بووەتە قەزا، 106 گوندی لەسەرە و نزیکەی 160 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە و هەر سێ ناحیەی رۆڤیا، کەڵەک و دارەتوو لەخۆدەگرێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق