کچە کاندیدە کوردەکە و سەگەکەی: بڕۆن دەنگ بدەن

964+

سبەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی فینله‌ندا دەستپێدەکات، سێ خانمی کورد کاندیدن، دووانیان لە باشوور و یەکێکیان لە رۆژهەڵاتی کوردستانە، شیرین نامیق یەکێکیانە، چاوەڕێ دەکات کوردەکانی ئەوێ دەنگی پێبدەن.

شیرین نامیق خەڵکی کەرکوکە، سی ساڵە لەو وڵاتە دەژی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی 964دا دەڵێت: داوا لە کوردەکان دەکەم بچن دەنگ بدەن ئەگەر دەنگ بە منیش نادەن، بەڵام گرنگە هەر بەشداریی بکەن.

کوردستان ئەحمەد کە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کردووە لە شیرین نامیق دەپرسێت پلانت چییە؟ شیرین باسی ئەوە دەکات کە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ پەنابەرەکان یەکێکە لە پلانە سەرەکییەکانی و دەڵێت، خۆی کە داوای کاری کردووە لەبەر ناوەکەی و لەبەر ئەوەی بێگانەیه‌ کاریان پێنەداوه‌ ”خەڵکی فینلەند زۆربەیان چوونەتە تەمەنەوە، ئێمە دەڵێین با کار بدرێت بە پەنابەرە گەنجەکان”.

شیرین نامیق، کە بە درێژایی چاوپێکەوتنەکە سەگەکەی لە باوەشیدا بوو، کە چاوپێکەوتنەکەشی تەواو کرد دەستی سەگەکەی بەرز کردەوەو  وتی ”کی کی دەڵێت خواحافیز و زۆر مەمنون”.

شیرین نامیق بە زمانەکانی کوردی، فینله‌ندی، ئینگلیزی، تورکی و عەرەبی قسە دەکات و لە قەزای کوریککا لە فینلاندا کاری ئاژەڵداری و وەرزێری دەکات هەروەها چالاکێکی سیاسی، پارێزەری مافی مرۆڤ و ژینگەیە.

ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی فینله‌ندا 200 كورسییە، شیرین نامیق کاندیدی پارتی سەوزە لە هەرێمی ڤاسا، گەشاو بیبانی لەسەر پارتی چەپ خۆی کاندید کردووە، ئەم دووانەیان خەڵکی باشووری کوردستانن، شەیدا سوهرابی، خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، ئەویش کاندیدێکی دیكه‌یە و چانسی بردنەوەی زۆرە.