گیزەی فیشەک لەموسەننا ناوەستێت
موسەننا – میدیازان
تەقەی هەڕەمەکی لەپارێزگای موسەننا ئەوەندە زۆر بووە خەڵکی وایان لێهاتووە بڵێن ئەبێ تەقەکەرەکان بەیاسای تیرۆر سزا بدرێن.
رۆژی یەکشەممە خەڵكی ناحییەی ئەلکەرامە و شاری موسەننا داوایان لە دەسەڵاتدارانی خۆجێی کرد کە سنوورێک بۆ تەقەکردنی هەڕەمەکی لە ناوچەکانیان دابنێن، چونکە بە شێوەیەکی بەردەوام خانوەکانیان بەر فیشەکی هەرەمەکی دەکەون کە ئاهەنگگێڕانی هاوسەرگیری و بۆنەکانی تر دەیانتەقێنن، کە دواترینیان ئاهەنگێکی دوێنێ شەو بووە.
فایز شوعێل کە دانیشتووی ئەو ناوچەیەیە بۆ میدیازان وتی فیشەکێک شوشەی پەنجەرەیەکی ماڵەکەی بڕیوە، کەخەریک بوو منداڵە سێ ساڵانەکەی بکوژێت، چونکە بە تەنیشت منداڵەکەیدا تێپەڕی پێش ئەوەی لەسەر زەوی ماڵەکە بکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا تەقەکردنەکە لە ئاهەنگی هاوسەرگیری دراوسێیەکیاندا بووە، تەلەفۆنی بۆ کردوون بۆ ئەوەی تەقەکردنەکە بوەستێنن، بەڵام بێ سوود بووە.
لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا، دانیشتوانی ناوچەکە لە گەڕەکی ئەلکەرامە رەخنەیان لەوە گرت کە ‘دەسەڵاتدارانی ناوچەکە کەمتەرخەمن لە جێبەجێکردنی یاسا بەرامبەر ئەو کەسانەی کە ئەم دیاردەیە ئەنجام دەدەن، کە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ دروستدەکات بۆ سەر ژیانی خەڵک، هەروەها داوایانکرد کە تەقەکردنی هەڕەمەکی بخرێتە ناو مادەی چوارەمی تیرۆرەوە’.
لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا قەزای ئەلکەرامە چەندین ڕووداوی هاوشێوەی تۆمارکردووە، کە خەڵکانی دیکە بەهۆی تەقەی هەرەمەکی برینداربوون و زیانیش بەر ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە.
دیاردەی تەقەکردنی هەرەمەکی لە کاتی ئاهەنگی هاوسەرگیری و بۆنە خۆشەکاندا تەنها لە پارێزگای موسەننا نەوەستاوە، بەڵکو زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە و یەکێکە لە میراتەکانی سەدەی ڕابردوو.
لەمبارەیەوە عەمید غالب ئەلعەتیە، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی کۆمەڵگەیی، لە راگەیاندنێکی پێشوودا ووتی “بانگەواز و ڕێنمایی هەیە بۆ ئەوەی بکەرانی تەقەکردنی هەڕەمەکی لە مادەی 4ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا جێگیر بکرێن”، ئاماژەی بەوەدا کە “تۆڵەی عەشاییری” کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە لەماوەی رابووردودا خراوەتەوە ناو ئەم ماددەیە بەشێوەیەکی بەرچاو بە ڕێژەی ٧٠٪ کەمی کردووە”.