لە سلێمانی رۆژی زیاتر لە ١٠ تۆن گوڵەبەڕۆژە سەرف دەبێت
ڤیدیۆ
میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی
بەگوێرەی قسەی فرۆشیار و خاوەن فڕنەکانی برژاندنی چەرەسات لە سلێمانی، لە ئێستادا رۆژانە زیاتر لە ١٠ تۆن گوڵەبەڕۆژە لەو شارەدا دەفرۆشرێت.
سۆران حسێن، فرۆشیاری چەرەساتە، بە میدیازانی وت، خواردنی گوڵەبەڕۆژە بەپێی وەرزەکان دەگۆڕدرێت و بازاڕی چەرەسات بە گشتی زیاتر لە بۆنەکاندا باشە، بەڵام لە وەرزی پایزاندا گوڵەبەڕۆژە فرۆشی زیاد دەبێت، بەهۆی ئەوەی میوە کەم دەبێتەوە و ساردەمەنی ناخورێت.
میدیازان دەزانێت، لە ئێستادا لە شاری سلێمانی ١٠ فڕنی گەورەی برژاندنی چەرەزات هەن، جگە لەو فڕنە بچوکانەی سەر شەقامەکان.
یوسف ئەحمەد، خاوەنی یەکێک لە فڕنە گەورەکانی سلێمانیە، بۆ میدیازانی باسکرد، ماوەی ١٧ ساڵە فڕنی گوڵەبەڕۆژەی هەیە و رۆژانە بڕی یەک تۆن گوڵەبەڕۆژە دەبرژێنن، بەڵام فڕن هەیە زیاتر لە یەک تۆن دەبرژێنێت لە رۆژێکدا.
باسی لەوەکرد، لە پایز تاوەکو بەهار خەڵکی زیاتر گوڵەبەڕۆژە دەخوات، لە دوای گوڵەبەڕۆژە ناوکە کولەکە و فستق دێت، خەڵکی سلێمانی “زیاتر ئارەزوی گولەبەڕۆژە دەکەن”.
ئەحمەد محەمەد فرۆشیارێکی دیکەی چەرەساتە، ئاماژەی بەوەکرد، “گوڵەبەڕۆژە بازاڕێکی باشی هەیە و زۆر سەرف دەبێت، هەر چەرەسێک نرخی هەرزان بێت زیاتر سەرف دەبێت”.
چەند جۆرێکی گوڵەبەڕۆژە لە بازاڕدا هەن، وەکو رەشی ورد و ئەمریکی و چینی کە زۆرترین فرۆشیان هەیە، لە ئێستادا بە گشتی نرخی یەک کیلۆیان بە چوار هەزار دینارە