هەرێمی کوردستان 118 پۆندی هەیە
لە ساڵێکدا رەزامەندی لەسەر دروستکردنی 37 پۆند دراوە
964+
لە ماوەی ساڵێکدا لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 27 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی 37 پۆند، رەزامەندیش دراوە بۆ دروستکردنی چوار پۆندی دیکە و بڕیارە پارە بۆ دروستکردنی ئەوانیش دابین بکرێت.
کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانی ئاو بە پێگەى فەرمیی حکومەتی هەرێمی راگەیاندووە، حکومەت دەیەوێت بە دروستکردنی پۆند ئاوی بەردەوام بۆ گوندەکان دابین بکات.
“لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا لە ساڵی رابردوودا، رەزامەندی دراوە لەسەر دروستكردنی 37 پۆند لە هەمووی هەرێمی كوردستان بە تێچووی نزیكەی 27 ملیار دینار، جگە لەوەش رەزامەندی دراوە لەسەر چوار پۆندی تر کە لە قۆناغی رەزامەندیی داراییدایە،” کاروان سەباح هەورامی وای وت.
بەشێک لە پۆندەکان کێشەی زەویوزاریان هەیە
بە وتەی بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانی ئاو، کارەکانی بەشێک لەو 37 پۆندە، بە رێژەی 40٪ تەواو بووە، بەڵام هەندێکیان کێشەی زەویوزار و گرفتی کۆمەڵایەتیان هەیە و خەڵکی ئەو ناوچانەی پرۆژەکانیان تێدا جێبەجێدەکرێت دەستبەرداری زەوییەکانیان نابن.
هەندێک جار ناچار دەبین پڕۆژەکە لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی دیکە بگوازینەوە
“بەداخەوە لە زۆر شوێن کێشەمان بۆ دروست دەکرێت، ئەوەش وا دەکات پڕۆژەکە جێبەجێ نەکرێت، یان ناچار بین پڕۆژەکە لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی دیکە بگوازینەوە،” کاروان سەباح هەورامی وای وت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، نزیکەی 118 پۆند لە هەرێمی کوردستان هەن.