باران نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی قەڵادزێ دوادەخات

964+

ژێوار خدر-راپەڕین

ماوەی چەند مانگێکە باوبۆران نەیهێڵاوە کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی قەڵادزێ ئەنجامبدرێت.

بڕیارە کۆمپانیای رێکاری نوێ پڕۆژەی قیڕتاوکردنی ئەو شەقامە ئەنجامبدات.

ئارام محەمەد سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ، بە 964ی رایگەیاند، پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان یەک ملیار و بیست و نۆ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، بڕیارە 72 هەزار مەتر چوارگۆشە  قیڕتاو بکرێت.

سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ گوتیشی، ئەم پڕۆژەیە چــەند مانگێکە دراوە بە کۆمپانیایەک، وەک قۆناغی سەرەتا شەقامی راپەڕین و پردی گربداخ قیڕتاوکراوە، کە 20 هەزار مەتری چوارگۆشەیە، باران بارین کارەکانی راگرتوون.

بەوتەی ئارام محەمەد، “ئەگەر کێشەی پارەی نەختینە لە بانکەکان دروست نەبێت، بڕیارە هەموو شەقامە سەرکیەکان نۆژەنبکەینەوە”.

قەلادزێ لە شاری سلێمانییەوە 134 کیلۆمەتر دوورە، لەرووی کارگێڕیەوە سەر بە ئیدارەی راپەڕینە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی