لە وێستگەی گەرمیانیش 80 مێگاوات کەمی کردووە

راگرتنی بەهەمهێنانی نەوت لە خورمەڵە 250 مێگاوات کارەبای کەمکردووە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە، 250 مێگاوات کارەبا کەمی کردووە.

بەهۆی بڕیاری دادگای نێودەوڵتیی پاریسەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم راگیراوە و بەو هۆیەشەوە چەند کێڵگەیەکی نەوت بەرهەمهێنانیان راگرتووە.

پێشتریش بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە 80 مێگاوات کارەبای وێستگەی گەرمیان کەمی کردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زاری ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەباوە بڵاویکردووەتەوە: بۆ پڕکردنەوەی کەمبوونەوەی ئەو کارەبایە حکومەت پشت بە كارەبای هایدرۆپاوەری هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و وێستگەكانی غازی سلێمانی و هەولێر دەبەستێت.

هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە زیاتر لە شەش هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام وێستگەکان توانای بەرهەمهێنانی 3500 مێگاواتیان هەیە و بەهۆی کەمبوونەوەکەش ئێستا رۆژانە 3170 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت.

کێڵگەی نەوتی خورمەڵە رۆژانە 175 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و گەورەترین کێڵگەی نەوتی هەرێمە.