میدیازان – دیلان محەممەد – سلێمانی

هاوبەشانی کارەبای پریپەید لە سلێمانی، لەگەڵ ئەو سیستەمە نوێیە رانەهاتوون کە ئێستا لە هەندێک شوێن کاریپێدەکرێت، کێشەی کارپێکردنی ئەو ئامێرەیان هەیە کە باڵانسی کارەبای پێ پڕ دەکرێتەوە.

بەپێی بەدواداچوونێکی پەیامنێری میدیازان لە سلێمانی، ژمارەیەک هاوبەشی کارەبای پریپەید لە سلێمانی بەهۆی نەزانینی چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستەمەکە، ناڕەزایەتییان گەیاندووەتە کارەبای سلێمانی.

سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بۆ میدیازان، ناڕەزایەتی ژمارەیەک هاوبەشی پشتڕاست کردەوە، ئاشکرای کرد زۆرینەی ئەوانەی لەم مانگەدە پەیوەندییان کردووە کێشەیان لە بەکارھێنانی ئامێری CIU هەبووە، نایزانن چۆن ئامێرەکە هەڵبکەن.

ئامێری  CIU کورتکراوەی (customer interface unit) پێکدێت لە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی کە لە شاشەیەک و چەند دووگمەیەک پێکدێت و بەکاردێت بۆ زانینی بڕی باڵانسی کارەبا و پڕکردنەوەی باڵانس.

میدیازان دەزانێت، سیستەمی پریپەید لەم مانگە لە بەرزاییەکانی قەیوان، بەرزاییەکانی سلێمانی، قەیوان سیتی و عەلوەی سلێمانی خراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی، بەکارهێنەران دەتوانن بۆ زانینی وزری بەکارهاتوو کۆدی 03 و 02 لێبدەن.

سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی وتیشی “بۆ زانینی وزەی ماوە، بەکارهێنەر دەتوانێ کۆدی 10 و 03 لێبدات، ئەگەریش کارتت داخڵ کردو کارەبات نەبوو، ئەوا کۆدی 07 لێبدە بۆ ئەوەی کارەبایەکەت بێتەوە”.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، سیستمی پریپەید لە شەش شوێنی جیاوازی هەولێ، سلێمانی و دهۆک بەشێوەی ئەزموونی کاری پێدەکرێت، تائێستاش 14 هەزارو 708 هاوبەشی کارەبا، هاوبەشەکانیان کراوە بە سیستەمی پریپەید.