ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران:
ئەگەری رەتکردنەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن هەیە
964+
فەهمی نەبی
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەری رەتکردنەوەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن هەیە، چونکە لەو دانیشتنەدا سەرۆکی پەرلەمان داوای هاتنە ژوورەوەی هێزی کردووە و رێگەنەدراوە پەرلەمانتاران سەرنجی خۆیان بڵێن.
بەرەبەیانی رۆژی 27.3.2023 پەرلەمانی عێراق، دەنگی لەسەر هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن دا، چەند لایەنێک دەنگیان بەو هەموارە نەدا لەناویاندا فراکسیۆنی یەکێتی ئەو بڕگانەی پەیوەندی بە پارێزگای کەرکوکەوە هەبوو، دەنگیان پێنەدا.
بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ تۆڕی 964 وتی، “ئەو بەیانییەی سەرۆکی پەرلەمان داوای کرد هێزە ئەمنییەکان بێنە نێو هۆڵی پەرلەمان، بەشێک لە ئەندامان نەیانتوانی بێنەوە دانیشتنەکە، هەمان سیناریۆی ساڵی 2016 بوو، کاتێک داواکرا هێزە ئەمنییەکان بێنە ژوورەوەی پەرلەمان، بەو هۆکارە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دا ئەو دانیشتنە رەتبکرێتەوە”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران پێی وایە، ئەمجارەش بە هەمان شێوە دادگای فیدڕاڵی ئەو دانیشتنە رەتدەکاتەوە.
بڕیار رەشید ئەوەشی وت، “دانیشتنەکە پێچەوانەی مادەی 14 و 38 ی دەستوور بوو، لە یەک کاتدا پێچەوانەی مادەکانی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ بوو”.
بە پێی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن، کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەدەچێت لە ناویاندا شاری کەرکوک لەسەر بنەمای (سانت لیگۆی 1.7)، کە سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەمای دەستنیشانکردنی هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایە.