راهێنه‌ری یانه‌ی سۆران: ئامانجی بردنه‌وه‌ی خولی نایابی كوردستان‌مان هه‌یه
964+
ئاسۆ وەرتی – سۆران
له خولی نایابی كوردستان له تۆپی پێ، یانه‌ی سۆران سێ خاڵی دیكه‌ی به‌ده‌ستهێنا و درێژه‌ی به ئه‌نجامه باشه‌كانی دا، راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ش ده‌ڵێت، ئامانجی بردنه‌وه‌ی نازناوی خولی نایابی كوردستان‌مان هه‌یه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه لە گەڕی 24 خولی نایابی تۆپی پێی کوردستان، یانه‌ی سۆران له یاریگه‌ی خۆیدا بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد و به 2-1 گۆڵ له یانه‌ی ئاكرێی برده‌وه.
گۆڵه‌كانی سۆران له یارییه‌كه‌دا “رێزدار وه‌لی و ئه‌حمه‌د سه‌ڵام” لە خوله‌كه‌كانی 33 و 88دا تۆماریان كرد، گۆڵی یانه‌ی ئاكرێیش یاریزان “عاید ئەنوه‌ر” له خوله‌كی 90دا تۆماری كرد.
هاوكات له یارییه‌كه‌دا یاریزانی ئاكرێ “ره‌ییان عه‌بدولخالق” له خوله‌كی 70دا به كارتی سوور ده‌ركرا و ئه‌مه‌ش وای كرد ئه‌ركی تیپه‌كه‌ی زه‌حمه‌تتر بێت.
کۆڤان نه‌زمی راهێنەری یانه‌ی سۆران له باره‌ی سه‌ركه‌وتنی تیپه‌كه‌ی بۆ تۆڕی 964 وتی، “بردنهوەکانمان پێویستی بە راهێنان و بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتوو هەیە، بردنەوە ئاسان نییە ئه‌گه‌ر هەمووان بەشدار نەبن”.
“دوای ئه‌و بردنه‌وانه‌ی ئه‌م دواییه، ئێستا خه‌ونی گه‌وره‌مان بۆ په‌یدا بووه و ئامانجی بردنه‌وه‌ی خولی نایابی كوردستان‌مان هه‌یه”، كۆڤان نه‌زمی وای وت.
له لای خۆیه‌وه هەژار سابیر یاریدەده‌ری راهێنه‌ری یانەی ئاکرێ بۆ تۆڕی 964 وتی، “ئێمە به ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی سێ خاڵی یارییه‌كه بووین، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین”.
یانه‌ی سۆران دوای بردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، بۆ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی سه‌ركه‌وت و 36 خاڵی هه‌یه، هه‌رچی یانه‌ی ئاكرێیه به 30 خاڵ له پله‌ی نۆیه‌مدایه.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا