وێنە: 964+
20 کیلۆمەتر بە پێنج هەزار دینار
964+
مەریەم ئەحمەد – هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بواری تاکسی و گواستنەوە واژووکرد و تیایدا هاتووە، بۆ هەر کیلۆمەترێک 252 دینار لە سەرنشین وەردەگیرێت.
بەو بڕە پارەیە بۆ هەر 20 کیلۆمەترێک دەکاتە پێنج هەزار دینار.
رێباز محەمەد بەڕێوەبەری گشتی هێڵی زەمینی و ئاسمانی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، لەپێناو پاراستنی “مافی سەرنشینانی تاکسی” ئەو رێککەوتنەیان کردووە و دەیانەوێت ئەو کەرتە بەرەوپێش ببەن.
ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ کۆمپانیای کەریم تایبەت بە گواستنەوە کردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئایا کەی سیستمی ژماردنی کیلۆمەتر بۆ سەرجەم تاکسییەکانی هەرێمی کوردستان بەگەڕدەخرێت.
بەگوێرەی داتاکانی ئەو وەزارەتە، زیاتر لە 170 هەزار تاكسی لە هەرێمی كوردستاندا هەن و کاردەکەن.