پیاوێك له‌ هه‌ولێر كۆتایی به‌ ژیانی خۆی و هاوژینه‌كه‌ی هێنا

میدیازان – هەژار ئەنوەر – هه‌ولێر

لە گەڕەكێكی شاری هەولێر پیاوێك هاوژینەكەی خۆی دەكوژێت و دواتر كۆتایی بە ژیانی خۆیشی دەهێنێت.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە میدیازانی راگەیاند، لە كاتژمێر یه‌كی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ١٣ـی تشرینی دووه‌م، لە رووداوێكی كوشتن لە گەڕەكی كوێستانی هه‌ولێر ئاگه‌دار كراینه‌وه‌، دوای گەیشتنی تیمەكانیان دەركەوت ژنێكی تەمەن ٤٠ ساڵان لەلایەن هاوژینەكەیەوە كوژراوە، دواتر پیاوەكە كۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێناوه‌.

وتیشی ” پیاوەكە ته‌مه‌نی ٤٦ ساڵه‌ و فەرمانبەرە لە نەخۆشخانەی رزگاری و كاری شۆفێری تاكسیش دەكات، هاوژینەكەشی ژنی ماڵەوەیە و خاوەنی چوار منداڵن، رووداوی كوشتنەكە لەناو ماڵی خۆیاندا بووە.

میدیازان زانیویه‌تی، ماوەیەكە ژن و پیاوەكه‌ كێشەیان هەبووه‌، چەندجارێك ژنەكە تۆراوە، هەفتەیەك زیاترە ئاشت بوونەتەوە، به‌ڵام نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پیاوەكە دوای كوشتنی هاوژینەكەی، كۆتایی بەژیانی خۆیشی هێناوه‌.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگه‌یاند، ئێستادا پەراوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە، بۆ ئەوەی هۆكاره‌كه‌ی بزاندرێت.

ئه‌م رووداوه‌ له‌ كاتێكدایه‌، دوێنێ له‌ شاری سلێمانی گه‌نجێك دوای ئه‌وه‌ی دایكی خۆی ده‌كوژێت، دواتر كۆتایی به‌ ژیانی خۆیشی هێنا.

ماوه‌یه‌كه‌ رووداوه‌كانی كوشتن و ته‌قه‌كردن له‌ شاره‌كانی كوردستان زیادی كردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوو هه‌ڵمه‌تی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.