رووداوی هاتوچۆ

كه‌سێكی دیكه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ی رێگای به‌حركه‌ گیانی له‌ده‌ست دا

كۆسره‌ت ئه‌حمه‌د

بریندارێكی رووداوه‌ هاتوچۆیه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی رێگای به‌حركه‌ گیانی له‌ده‌ست دا و بوونه‌ دوو، پۆلیسی هاتوچۆش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ ده‌كات.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر رێگه‌ی هه‌ولێر – به‌حركه‌ رووداوێكی سه‌ختی هاتوچۆ روویدا و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌ره‌تا هاوڵاتییه‌ک گیانی له‌ده‌ست دا و دوو كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون، به‌ڵام له‌ نه‌خۆشخانه‌ یه‌كێک له‌ برینداره‌كان گیانی له‌ده‌ست دا.

په‌یامنێری 964 له‌ به‌رده‌م پزیشكی دادی ئاماده‌بوو، پشتڕاستیكرده‌وه‌ ته‌رمی هه‌ردوو هاوڵاتی راده‌ستی كه‌سوكاره‌كانیان كرانه‌وه‌، كه‌ پیاوێک و ژنێكن.

رووداوه‌كه‌ زۆر قورس بوو، تێیدا حه‌وت ئۆتۆمبێل به‌یه‌كیاندادا و به‌شێكیان زیانی زۆریان به‌ركه‌وت، هەر بۆیە پۆلیسی هاتوچۆ لێکوڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەکات.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا