12 ساڵە کەسیان بۆ دانەمەزراوە

تەندروستیی سلێمانی پێویستی بە 35 هەزار کارمەند و پزیشکە

دیلان محەمەد- سلێمانى

لە ساڵی 2014ـەوە کەرتی تەندروستیی سلێمانی چاوەڕێی “خوێنی نوێ” و دامەزراندنە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئێستا تەنیا 13 هەزار کارمەندی هەیە، لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی داوای 35 هەزار کارمەند و پزیشک دەکات.

دکتۆر سەرخێڵ ئاراس، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە 964ـی وت: “35 هەزار کارمەند و پزیشکمان پێویستە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ئێستا 13 هەزار کارمەندمان هەیە، ئەمەش واتا یەک لەسەر سێی ئەوەی پێویستمانە”.

بە وتەی دکتۆر سەرخێڵ، ئەم بۆشاییە گەورەیە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2014ـەوە هیچ کارمەندێکیان بۆ دانەمەزراوە، هەرچەندە هەندێک کارمەندی گرێبەست دامەزراون، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: “لە ئازارەکانمان کەم ناکاتەوە”.

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی جەختیکردەوە کە پێویستیان بە خوێنی نوێ و کارمەندی نوێ هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد کە بەشێکی ئەو بۆشاییەی ئێستا هەیە خۆبەخشەکان پڕیان کردووەتەوە و ئەوانیش چاویان لە دامەزراندنە.