پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەبێت ئەم خزمەتگوزاریانە پێشکەش بکەن

لە ماوەی ٢٠ رۆژدا

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی شاری سلێمانی پابەند دەکرێن لە ماوەی ٢٠ رۆژدا، خزمەتگوزاری پاککردنەوەی خەزانی ئاو و نۆژەنکردنەوەی شەقام و شۆستەکان و رەنگکردنی هێڵەکانی هاتوچۆ ئەنجامبدەن.

جگە لەوانە، دەبێت چاکسازی لە گەراجی ئۆتۆمبێلەکان و باخچە و سەوزاییەکان بکەن.

بەناز سەعید، سەرۆکی لیژنەی سیتییەکان لە قائیمقامییەتی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند، یەکەمجارە سەرجەم سیتییەکان بەیەکەوە ئاگادارکراونەتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو خزمەتگوزارییانە لە ماوەی ٢٠ رۆژدا.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، ٦٥ پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانیدا بوونیان هەیە.

“لەمەودوا هەر شەش مانگ جارێک ئەو خزمەتگوزارییانە بە سیتییەکان ئەنجام دەدەین، هەر پڕۆژە و کۆمپانیایەکیش کەمتەرخەمی بکات سزا دەدرێت” بەناز سەعید وای وت.