"ناچارین و کرێ خانوو و مەسرەفی ماڵمان لەسەرە"

عەرەبانچییەکانی شەقامی کۆڕنیش چوونەوە شوێنەکانی خۆیان

رێباز یونس – هەولێر

ژمارەیەک لە کاسبکارانی شەقامی کۆڕنیش لە هەولێر چوونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و عەرەبانەکانیان داناوەتەوە، وەک خۆیان دەڵێن، چاریان نییە و بۆ کرێ خانوو و مەسرەفی ماڵ دەبێ ئیشێک بکەن.

ئەو عەرەبانانە پێشتر لەلایەن شارەوانی چوار و لەبەر پڕۆژەیەک لەو شوێنە لابراون و ئێستاش پێنج رۆژ مۆڵەتیان پێدراوە، دووبارە لایان ببەنەوە، ئەگینا تێکیان دەدەن.

ئەحمەد تەڵعەت یەکێک لەو کاسبکارانە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “15 عەرەبانە زیاترین لێرە ئیش دەکەین، من خۆم زەرەری 25 وەرەقەم لێکەوت، هێچم پێ نەما و لە سفرەوە دەستم پێکردەوە”.

“بەس دایکم و خوشکەکانم ساغ بن و کرێ خانووەکەم دابین بکەم، هیچم ناوێ، هەرچەندە لەبەر ماندووبوون و ئیشکردن پێراناگەم ژن بهێنم، بەڵام کەسیش ژنمان ناداتێ”، ئەحمەد وادەڵێت.

ئەو گەنجە داوا لە محافزی هەولێر دەکات، یارمەتیان بدەن و لێیاگەڕێن کاسبی خۆیان بکەن، ئەوانیش بەڵێن دەدەن قەرباڵغی دروست نەکەن و رێگرنەبن لەبەردەم دروستکردنی پڕۆژەکە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری