تەماتە و پیازەکە گرانن
فرۆشیارێک لە کەلار: کابرایەک دوێنێ هات دوو تەماتەی برد
میلاد جەلال – گەرمیان
نرخی تەماتە و پیاز لە بازاڕی کەلار بەرزبۆتەوە و کیلۆی هەر یەکێکیان گەیشتووەتە 2 هەزار دینار، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کڕینی ئەو بەرهەمانە لەلایەن خەڵکەوە.
کاریگەریی گرانییەکە لەسەر هاووڵاتیان بەرچاوترە، تا ئەو رادەیەی هەندێک کڕیار تەنیا 2 دانە تەماتە دەکڕن و توانای کڕینی تەواوی کیلۆیەکیان نییە.
شاخەوان کەریم، یەکێک لە فرۆشیارانی بازاڕی کەلار، بە تۆڕی 964ی وت، نرخی تەماتە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو کیلۆی تەماتەی پلەی یەک بە هەزار دینار فرۆشراوە، بەڵام ئێستا نرخی گەیشتووەتە دوو هەزار دینار.
بەپێی قسەکانی، گرانی تەنیا تەماتەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو نرخی پیازیش بۆ کیلۆیەک دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە، هەروەها کیلۆی پەتاتە، خەیار و کولەکەش بە هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێن.
ئەم فرۆشیارە هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیەی بە کەمبوونەوەی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە لە ئێرانەوە بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی و هاتنی بەشێک لە بەرهەمەکان لە تورکیاوە بەستووەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا