سلێمانى

سایە سیتی هەزار و یەک کێشەى هەیە؛ “لە کۆڵانی حەفتاکان دەچێت”

964+
ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

دانیشتووانی پڕۆژەى سایە سیتی لەسلێمانی گردبونەتەوە و وەكو خۆیان دەڵێن ئەوەی مواسەفاتی سیتی بێت لە پڕۆژەكەدا بوونی نییە.

هەرچەندە تەمەنى پڕۆژەکە نزیکەى 15 ساڵە، بەڵام تا ئەمڕۆ بە تەنکەر ئاویان بۆ دێت و رێگاى چوونەناوەوەیان لە رێگەى پڕۆژەیەکى ترەوەیە، ئەوە جگە لە کێشەى شۆستە و شەقام و زێراب و سەوزایى پڕۆژەکە.
دانیشتوانەکەى بەهیوابوون سایە سیتى ببێتە سایە و سێبەریان و کێشەیان نەمێنێت، بەڵام بە وتەى ئاسۆ سەلام، کە دانیشتوویەکى سایە سیتییە،، پڕۆژەکەیان لە کۆڵانى ساڵانی حەفتاکان دەچێت، تا ئێستا بە تانکەر ئاویان بۆ دێت و هەفتەی یەکجارە و بەشیان ناکات، وەک ئاسۆ دەڵێت: جار هەیە هەفتەکەش نایەت و دەڵێن گاز نییە یان ئۆتۆمبێلەکە شکاوە.
هێمن عەزیز، دانیشتوویەکی دیکەی پڕۆژەکەش وتی، کێشەکانیان گەورە نین، بەڵام 10 جار چوونەتە شارەوانی، وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و هەمووی لە خۆیانیان دووردەخاتەوە وەک ئەوەی بەرمیلە بارووتیان پێوە بێت؛ دەشڵێت: “داواکاریی ئێمە سەرەتاییە، وەک سیتییەکانی تریش نەبێت، لانیکەم ئاو و زێراب و رێگاوبانمان بۆ چارەسەر بکەن”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح