"زەحمەتە تا ساڵێکی دیکە هەرزان ببێتەوە"

نرخی پلەیستەیشن و ئێکس بۆکس لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە

964+

کۆسرەت ئەحمەد- هەولێر

نرخی کۆنسۆلەکانی یاریکردن “پلەیستەیشن و ئێکس بۆکس” لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و فرۆشیارێکیش دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی ئەو گرانبوونە پەیوەندیی بە کێبڕکێی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکردەوە هەیە، نەک تەنیا یاریی GTA VI.

ئیسماعیل ئەتاری، فرۆشیاری کۆنسۆلەکانی یاریکردنە لە هەولێر و باس لەوە دەکات کە، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی کۆنسۆلەکان پەیوەندیی بە گرانبوونی هارد و رامەوە هەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی AI لە کێبڕکێ دان و هارد و رام زۆر بەکاردەهێنن.

وەک ئەو فرۆشیارە باسی دەکات، هەرچەندە بڵاوبوونەوەی یاریی GTA VI وای کردووە خواست لەسەر کۆنسۆلەکان زیاد ببێت، بەڵام تاکە هۆکار نییە، چونکە پێش ئەوەی ریکلام بۆ ئەو یارییە بکرێت، نرخی هارد و کۆنسۆلەکان هەر روویان لە بەرزبوونەوە کردبوو.

پێداچوونەوە: مستەفا نەهرۆ