خواردن دەفرۆشن و داهاتەکەی بۆ کاری خێرخوازییە
مامۆستایان و قوتابیانی کۆمەڵگەی بەریتانی لە خەمی نەخۆشخانەی هیوادان
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
لە کۆمەڵگەی بەریتانی نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی فێستیڤاڵێک سازکراوە و داهاتی فێستیڤاڵەکەش بۆ کاری خێرخوازی و نەخۆشخانەی هیوایە.
مامۆستایان و قوتابیانی کۆمەڵگەکە لە ماڵەوە خواردنیان لێناوە و لە چەندین کوخ و کەپری جواندا خواردنەکانیان نمایش کردووە.
دانەر رەشید سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە 964ـی وت، “ساڵانە لەم رۆژەدا ئەم چالاکییە بۆ قوتابییەکانمان ساز دەکەین بۆ ئەوەی پەرە بە رۆحیەتی پێکەوبوون و هاوسۆزی کۆمەڵایەتی لە نێوانیان بدەین”.
“نزیکەی 300 پڕۆژەمان هەیە و قوتابییەکانمان لە ماڵەوە کۆمەڵێک خواردن و شتی جۆراوجۆریان هێناوە و لێرە دەیفرۆشنەوە و داهاتەکەی دەبەخشرێت بە نەخۆشخانەی هیوا و خانەی بێسەرپەرشتان”، دانەر رەشید وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پارساڵ لەم رۆژەدا 47 ملیۆن دینار کۆکراوەتەوە و چەند ئامێرێکیش بۆ نەخۆشخانەی هیوا کڕدراون بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەکە سوودیان لێ وەربگیرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری