تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ خوێندنی باڵا دەستپێناکات

964+

فەهمی نەبی

ئەگەرچی ئەمڕۆ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند لە رۆژی یەکشەممەوە دەرگەی پێشکەشکردن بۆ هەریەکە لە خوێندنی ماستەر، دکتۆرا و دبلۆمی باڵا دەکرێتەوە، بەڵام دەستپێکردنی خوێندن دەکەوێتە وەرزی پاییزە، واتا مانگی ئەیلول.

ئەمڕۆ 29.3.2023، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیەی بۆ ساڵی خوێندنی(2023-2024) راگەیاند.

ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ حەوت هەزار و 614 کورسی خوێندنی باڵا تەرخانکراوە، بە جۆرێک هەزار و 834 کورسی بۆ دکتۆرا، سێ هەزار و 312 کورسی بۆ ماستەر و دوو هەزار و 308 کورسیش بۆ دبلۆمی باڵای یەکساڵە و 160 کورسی خوێندنی دبلۆمی پزیشکی دوو ساڵە تەرخان کراوە.

بە پێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندوە، رێکەوتی پێشکەشکردنی داواکاری لە رۆژی یەکشەممە 2.4.2023 دەستپێدەکات، رۆژی شەممە 18.5.2023 دواوادەی پێشکەشکردنی داواکاری دەبێت.

سەبارەت بە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی، کە مەرجە هەموو ئەوانەی ناویان لە پرۆسەکەدا دەردەچێت ئەنجامی بدەن، کاتژمێر 11-ی رۆژی 29.5.2023 دیاریکراوە.

بۆ دەستپێکردنی خوێندنی باڵا مانگی 9 ی ئەمساڵ دیاریکراوە، واتا خوێندن دەکەوێتە دەستپێکی وەرزی پاییزی ئەمساڵ.

سەبارەت بە تەرخانکردنی کورسی بۆ کەسوکاری پلە یەکی شەهید و ئەنفالکراوان، وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، ئەوان لە دەرەوەی ئەو پلانەن و حکومەت کرێی خوێندنیان بۆ دابین دەکات، بە مەرجی دەرچوون لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەو دەرفەتەی بە فەرمانبەرانی زانکۆ و پەیمانگەکانی پارێزگای کەرکوکیش بەخشی، کە دەیانەوێت لە سنووری هەرێمی کوردستان بخوێنن، بە جۆرێک ئەوان لە کرێی خوێندن دەبەخشرێن.

ماوەی دوو ساڵە لە هەرێمی کوردستان، پرۆسەی پێشکەشکردنی خوێندنی باڵا بۆ هەریەکە لە ئاستەکانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا وەستاوە.