"دڵنیام سه‌رۆكوزه‌یران ئاگای لێ نییه‌"

رێگای هه‌ولێر – كانی قرژاڵه‌ هه‌ر ته‌واو نه‌كرا و نۆ كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

کۆسرەت ئەحمەد- هەولێر

لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا نۆ هاوڵاتی لەسەر رێگایەک گیانیان لەدەستداوە، كه‌ پێی ده‌ڵێن رێگای هه‌ولێر – كانی قرژاڵه‌ یان رێگای هه‌ولێر – خه‌بات، چالاكوانێكیش ده‌ڵێت، “دڵنیام سه‌رۆكوزه‌یران ئاگای لێ نییه‌”.

سەید زەمان تالیب، چالاکوانێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌ و لەبارەی گرفتەکانی رێگاكه‌ به‌ 964ی وت، دوو ساڵ و نیو بوو چاوەڕێی تەواوبوونی رێگاكه‌ بووین، كه‌ كه‌متره‌ له‌ پێنج كیلۆمه‌تر، بەڵام شەش مانگ بەرگەی نەگرت و ئێستا ئاو لەژێر شەقامەکەوە دەردێت و تێکی داوە.

وتیشی، بەهۆی مەترسیداریی رێگاکە، لە ماوەی ئەو دوو ساڵ و نیوەدا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە.

سه‌ید زه‌مان ده‌ڵێت، پارێزگا و كۆمپانیا و لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان هه‌موویان كه‌مته‌رخه‌من.

وتیشی، “دڵنیام سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان ئاگاداری ئه‌و رێگایه‌ نییه‌، ئه‌گه‌رنا رێگه‌ی نه‌ده‌دا بۆ چوار ملیار دینار ئه‌و كاره‌ ته‌واو نه‌كرێت”.

چالاكوانه‌كه‌ ده‌ڵێت، داوا ده‌كه‌ین لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زوویی بەدەنگ ئەم کێشەیەوە بێن و چاره‌سه‌ری بكه‌ن، بۆ ئەوەی چیتر رووداوی مه‌ترسیدار و گیانله‌ده‌ستدان له‌ رێگاكه‌ روونه‌دات.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا