برنجی ئاکرێ هەناردەی دەرەوە دەکرێت

964+

فەرمان سادق

لە ئاکرێ کارگەیەک دروستکراوە بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی برنجی کوردی. خاوەنی کارگەکە دەڵێت، بەرهەمەکان رەوانەی بازارەکانی ناوخۆ و دەرەوەش دەکەین.

لەگەڵ ئەوەی پایتەختی نەورۆزی کوردستانە و بە تەحین و سماق و هەنجیر ناسراوە، بەڵام برنجیش یەکێکە لە سیما هەرە گرنگەکانی ناسینەوەی ئاکرێ.

ساڵانە جوتیارانی ئاکڕی هەزاران تۆن برنج بەرهەمدەهێنن، بەڵام هەر خۆیان دەیفرۆشنەوە و بە بازاڕی دەکەن، ئێستا کارگەیەک دروستکراوە بۆ بە بازاڕکردنی برنجەکە و هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات بەتایبەت وڵاتانی سوید، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا.

ئاراس حامد، خاوەنی كارگەیەكە و لە بارەی بەرهەم و چۆنیەتی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی بۆ بازاڕەكانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا دەڵێت: پێشتر برنجی كوردی بە رێگەیەكی كلاسیك بەرهەمدەهێنرا و دەخرایە بازاڕەكانەوە، هەرچەند زۆربەی لە دەستی جوتیارەكان دەمایە و ساغ نەدەكرایەوە، بەڵام لە ئێستادا پاڵپشتیەكی زۆری جوتیارانی كوردستان دەكەین بە تایبەت جوتیارانی دەڤەری ئاكرێ، كە ئێمە رێژەیەكی زۆر برنجی كوردیمان لە جوتیاران كڕیوەتەوە، تاوەكو ئێستا ئەم سێ بەرهەمەی ناوچەكەمان هەناردەی دەرەوە كردووە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو كارە بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە بەرهەمی خۆماڵی كوردستان بدەین.

بە قسەی خاوەنی کارگەکە بێت کە قسەی بۆ ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم کردووە، حکومەتی هەرێم کار ئاسانی بۆ کردووە و باجی گومرگی لێ وەرناگرێت لە هەناردەکردنی برنجەکە بۆ دەرەوەی وڵات.

ئاراس دەشڵێت: ئەمەش هۆكارێكی گرنگە بۆ گەشەسەندن و فراوانكردنی كاری وەبەرهێنان و هەناردەكردن بۆ دەرەوەی وڵات.