"داوای ئاو كارەبا و خزمەتگوزاری دەكەن"
خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی “شەهید شەوكەت” خۆپیشاندانیان کرد
964+
مریەم ئەحمەد – هەولێر
كاتژمێر 3:30 خولەكی بەرەیەیانی رۆژی چوار شەممە، خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی “شەهید شەوکەت” لە هەولێر بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لە بەشە ناوخۆییەکەیاندا رژانە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان کرد.
ئەوان داوای خزمەتگوزاری ئاو و خواردن و دەرماڵە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە دەکەن.
ئەوان ژمارەیان لە 100خوێندكار زیاترە و بۆ چەند خولەكێك رێگەی هەولێر- كەركوكیان داخست.
یەكێك لەو خوێندكارانە کە قسەی بۆ 964 کردووە و نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت دەڵێت: پاش چەند خولەكێك لە خۆپیشاندان پۆلیس هاتنە نێو خۆپیشاندەرەكان و كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكە هێنا.
وتیشی “رێگەنادەن خوێندكارەكان لە بەشە ناوخۆییەكان بێنەدەرەوە و دەرگایان بەسەردا داخراوە”.
بەشە ناوخۆیی شەهید شەوكەت، دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكی هەولێر بۆ كەركوك، خوێندكارانی زانكۆی سەلاحەدین تێیدا نیشتەجێ كراون.