هەرچی بچێتە چاکسازییەکانەوە سۆنەر ئاشکرای دەکات
%80ـی ئەو مادە هۆشبەرە کەمبووەتەوە کە دەچووە چاکسازییەکانەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
%80ـی ئەو مادە هۆشبەرەی پێشتر دەچووە چاکسازییەکانی هەرێمەوە کەم بووەتەوە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هۆکارەکەی بۆ دانانی سۆنەر دەگەڕێنێتەوە لە دەروازەکانی چوونەژووەرەوەدا.
ئەو سۆنەرانە زیاتر لە ساڵێکە بە مەبەستی رێگریکردن لە مادەی هۆشبەر و هەر کەرەستەیەکی تری وەک چەقۆ و چەک بۆ ناو چاکسازییەکان دانراون.
هەرێمی کوردستان خاوەنی شەش چاکسازیی گەوران و ژنان و منداڵانە و زیاتر لە پێنج هەزار زیندانیکراویشیان تێدایە.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ تۆڕی 964ـی ئاشکرا کرد، دانانی ئەو سۆنەرانە لە دەرگاکانی چوونەژووەرەی چاکسازییەکان رۆڵی گەورەیان هەبووە لە کەمبوونەوەی ئەو رێژە مادە هۆشبەرانە لەناویاندا.
وتیشی “لە زیندانییەکاندا وا کراوە ئەوانەی بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە زیندانین جیاکراونەوە و تەنانەت لە کاتی سەردانکردنیاندا بینینەکان راستەوخۆ نین و دیواربەندی شووشە لەنێوان زیندانییەکە و ساردانیکەرەکەدا هەیە”.