دوای دوو هەفتە
سەرچاوەی بۆنە ناخۆشەکەی شارەزوور دۆزرایەوە
964+
ئەحمەد مستەفا -سلێمانی
دوای دوو هەفتە بەدواداچوون، کاربەدەستانی حکومی شارەزوور بۆیان دەرکەوت ئەو بۆنە ناخۆشەی کە رووی لەدانیشتووانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چەمی تانجەرۆ کردبوو، سەرچاوەکەی لە کارگەیەکی قیڕی شل بوو.
کاتژمێر 6:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 28.3.2023، کارکردن لە کارگەکە بەشێوەیەکی کاتی راگیرا.
لە چەمی تانجەڕۆ زیاتر لە 17 کارگە و پاڵاوگە کاردەکەن، سێ لەو کارگانە کاریان بەرهەمهێنانی قیڕی شلە، بەهۆی کوڵاندن و پەستانەوە قیڕەکە خاو دەکرێتەوە و هەر بەرمیلێکی 120 کیلۆی تێدەکرێت و رەوانەی ئێران یان تورکیا دەکرێت.
بەوتەی خەڵکی ناوچەکە بۆنە ناخۆشەکە ئێواران لە کاتژمێر 5:00 دەستیپێدەکرد و بەدرێژایی شەو بەردەوام دەبوو.قادر عەلی، هاوڵاتیەکی دانیشتووی ناحیەی زەڕایەنە، بە 964 -ی وت “بۆنەکە هاوشێوەی کیمیایی بوو، بەجۆرێک هاوشیوەی بۆنی سیر وابوو”.
عەتیە قادر، دانیشتووی ناحیەی زەڕایەن دەڵێت: دوو شەو بوو نەمدەتوانی بێمە دەرەوە، ئەمرۆ دراوسێیەکان پێیان وتم ئەوان خەریک بووە بخنکێین.
لە ناوچەکە بەتەنیا کارگەی قیڕ نییە، بەڵکو پاڵاوگەی بەنزین و کارگەی دیکە هەن کە کاریان لەسەر کوڵاندن و دەردانی بۆنی گازە.شەوی رابردوو ژمارەیەک گەنجی ناحیەی زەڕایەن و قەزای شارەزوور رێگەی سەرەکی سلێمانی بۆ دەربەندیخانیان داخست.
ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن بە 964 -ی وت “بۆنە ناخۆشەکە، پەیوەندی بە کارگەکانی چەمی تانجەڕۆوە هەبوو، شەوی رابردوو بەفەرمانی دادوەر بڕیاری راگرتنی کارگەیەک درا، پێمان وایە ئەگەر دابخرێ بۆنەکە کۆتایی دێت”.
بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن ئەوەشی وت “ئەمرۆ سێشەممە تاڕادەیەک بۆنە بێزارکەرەکە کەمتر بۆتەوە، ئەو کارگەیەشی کە بە بڕیار دەبێت کارەکانی رابگرێت، ماوەی سێ هەفتەیە دەستی بەکارکردن کردووە و هەر ماوەی ئەم سێ هەفتەیەشە ناو بەناو بۆنەکە هەستی پێکراوە”.
بەپێی زانیاری 964 لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ناوچەکە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی بنکەی تەندروستی شەهید رەئوف بەگییان کردوە لە قەزای شارەزوور.
نەخۆشەکان روبەڕووی هەناسەتەنگی و سکچوون بوون، بەڵام تا ئێستا ئامارێکی دروست لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانە بەردەست نییە کە لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو بەهۆی بۆنە ناخۆشەکەوە چونەتە نەخۆشخانەکان.