خۆپیشاندانی خوێندکاران لە سلێمانی گرژی تێکەوت
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
خوێندکارە خۆپیشاندەرەکانی زانکۆی سلێمانی چوونەتە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامدراونەتەوە.
ئەو خوێندکارانە هاوشان لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆکانی هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیە بۆ داواکردنی دەرماڵە و کەمکردنەوەی پارەی خوێندنی پارالێڵ گردبوونەتەوە.
بە وتەی خۆیان، ئەمان بە ئاشتی هاتوونەتە سەر شەقامی سالم، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە توندی بەرپەرچیان داونەتەوە.
میدیازان دەزانێت، دەیان خوێندکاری زانکۆی سلێمان بە گازی فرمێسکڕێژ پێوەبوون و چەند کەسێکیشیان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.
تاوەکو ئێستا برینداربوونی سوک هەیە، بەڵام زیانی گیانی قورسی لێ نەکەوتووەتەوە.
پێشتر، میدیازان قسەی کردبوو لەگەڵ عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەو رەتیکردەوە هیچ بڕیارێک لەبارەی دەرماڵەی ئەمساڵ درابێت.
بە دیاریکراوی وتبووی، “تاوەکو ئێستا لەبارەی خەرجکردنی دەرماڵەی ئەمساڵ بڕیارمان نەوە”، ئاشکرای نەکرد بە نیازی چین لە داهاتوودا.
بە پاساوی خراپی دۆخی دارایی و وەستانی بودجەی هەرێم لە بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش، نزیکەی شەش ساڵ پێدانی دەرماڵە راگیرا، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە فشاری خوێندکاران جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا، نزیكەی ١٣٠ هەزار خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو پاڵپشتییە داراییە سوودمەند دەبن و مانگانە نزیکەی شەش ملیار دیناریان پێویستە.