گردبوونەوەی بەقاڵەکان شوێنی خۆی گرت

964+

هونەر فارس – کەلار

دوای گردبوونەوەیان لە فلکەی ناو بازاڕ و گرتنی رێگایەکە، شارەوانی کەلار بەدەم داواکاری بەقاڵەکانەوە هات و رێگای پێدان تاوەکو دووای رەمەزان لەشوینی خۆیان بمێننەوە.

دژی بڕیاری سەرۆکی شارەوانی کەلار، بەقاڵەکانی بازاڕەکەی بەردەم مزگەوتی گەورەی کەلار گردبوونەوە.

پێشتر سەرۆکی شارەوانی کەلار، بۆ رێکخستنی ناو بازاڕ، بڕیاریاندابوو تاوەکو کاتژمێر 4ـی عەسر بەقاڵەکان بۆیان نییە لەناو بازاڕ بوەستن،

پاساوی بڕیارەکە وەک ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانی کەلار باسی کردووە، جەنجاڵی و قەرەباڵغی ناو بازاڕ بووە.

دژی ئەو بڕیارە، ئەمڕۆ 28.3.2023، بەقاڵەکانی کۆڵانی مزگەوتی گەورەی ناو بازاڕی کەلار، گردبوونەوە و فلکەی ناو بازاڕیان داخست، بەڵام دەستبەجێ گوێ لە داواکارییەکانیان گیرا.

ئاکۆ عوسمان، یەکێک لە نوێنەرانی بەقاڵەکانە و قسەی بۆ 964  کردووە و دەڵێت: ئێمە دەمانەوێ لە شوێنەکانی خۆمان بین، بژێویمان لەسەر ئەمەیە، بەڵام ئەوان دەرمان دەکەن و دەڵێن دەبێت لە دوای سەعات چوارەوە بێنە بازاڕ”.

لەسەر ئەو پرسە نوێنەری بەقاڵەکان چوونەتە لای بەڕێوەبەری ئاسایشی کەلار، ئەویش بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی کردووە بۆ ئەوەی مانگی رەمەزان لە شوێنەکانیان بمێننەوە.

ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانی کەلار دەڵێت: کۆڵانەکە قەرەباڵغە و هاوڵاتیان بە ئەستەم دەتوانن پێیدا تێپەڕببن، بۆیە لە رێگای لیژنەکانمانەوە رێگەچارەیەک دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی هەم رێگا لە کاسبکاران نەگرین و هەمیش ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان بکەین.

سەرۆکی شارەوانی کەلار، بەڵێنی ئەوەی بە بەڕێوەبەری ئاسایشی کەلار داوە کە وازیان لە بەقاڵەکان دەهێنن تاوەکو پاش رەمەزان، ئەوکاتیش رێکخستنەوەیان بۆ دەکەین.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق