ترافیک لە شەقامە سەرەکییەکەی دهۆک نەما

میدیازان – عەممار – دهۆک

لەسەر جووتسایدی سەرەکی سەنتەری شاری دهۆک تەنیا ترافیکێک مابوو، ئەویش لادەبرێت و لەجێگەکەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسێک دروست دەکرێت.

پرۆژەکە لەسەر شەقامی بارزان دروست دەکرێت کە شەقامی هەرە سەرەکی دهۆکەو شوێنی ترافیکە لادراوەکەش رێک دەکەوێتە تەنیشت بەنزیخانەی بناڤی یەک.

ئەو شەقامەی پرۆژەکەی لێ جێبەجێدەکرێت سێ ئەندەرپاسی دیکەی لێیە، بەمەیانەوە دەبێت بە چوار و هێندەی دیکە قەرباڵغی سەر شەقامەکە کەمدەبێتەوە.

ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک بە میدیازانی وت، “ماوەیەک بوو سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک سەرقاڵی دروستکردنی دیزانینێک بوو بۆ پرۆژەکە، دوای تەواوبوونی دیزاینەکە بە خۆشحاڵییەوە بڕی ١٣ ملیۆن و ١٤٥ ملیۆن دیناری بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەم تەرخانکرا.

“لەدهۆک ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زۆری نەماوە بگاتە ٣٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل و ئیتر شارەکە پێویستی بەڕێوشوێنی دیکەی هاتوچۆیە”

بەپێی نوسراوێکی پارێزگاری دهۆک، لەسەر هەمان شەقام یوتێرنێک دروست دەکرێت و لەتەنیشت شەقامە سەرەکییەکەوە شەقامێکی دیکەی خزمەتگوزاری بەدرێزژی ٦٠٠ مەتر دروست دەکرێت.

لەدهۆک ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زۆری نەماوە بگاتە ٣٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل و ئیتر شارەکە پێویستی بەڕێوشوێنی دیکەی هاتوچۆیە.

بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و ٩٩٠ هەزار ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی شارەکان تۆمارکراون کە ٪٥١ی لە پارێزگای هەولێر و ٪٣٤ی لە سلێمانی و ٪١٥ی لە پارێزگای دهۆکە.