شه‌ش ماسیگر به تۆڕ و قولاپه‌وه دەستگیرکراون
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
سه‌ره‌ڕاى قەدەغەكردنی راوە ماسی، به‌ڵام ماسیگره‌كان به نایاسایی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، پۆلیسیش ده‌ڵێت ماسیگریان به تۆڕ‌و قولاپه‌وه ده‌ستگیركردووه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی پۆلیسى دارستانى سلێمانى، لە سنورەکانی دوکان و دەربەندیخان و شارەزور پێشێلكارى له‌به‌رامبه‌ر بڕیارى قه‌ده‌غه‌ى راوه‌ماسی كراوه.
هێمن کەمەرخان بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دوای ئەوەی لە 5.3.2023 قەدەغەی راوكردنى ماسی راگەیەندراوە، تا ئێستا شەش کەس لەسەر راوکردنی ماسی دەستگیرکراون و چەندانی تریش رایانکردووە و دەستگیراوە بەسەر کەلوپەلەکانیان.
وتیشی “ژمارەیەکی زۆری ماسیش لە تۆڕەکان دەرهێندراون و دووباره کراونەتەوە ناو ئاوەوە”.
“هه‌ر لەو ماوەیەدا 120 تۆڕ و 66 قولاپ و یەک بەلەم و پێنج ماتۆڕسکیل و دوو ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەرداگیراوە” هێمن کەمەرخان واى وت.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون دەدرێنە دادگا و دادوەر سزایان دەدات و ئەو کەلوپەلانەش کە دەستیان بەسەرداگیراوە دەخرێنە موزایەدەوەو ده‌فرۆشرێن.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن