لێخۆشبوونی به‌ستنی پێوه‌ری ئاو جارێکی دیکەش درێژكرایه‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هه‌رێم ده‌ڵێت، لەسەر داوای وەزارەته‌كه‌یان و لەبەر بەرژەوەندیی هاوڵاتیان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشان دا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تا ئێستا پێوەریان نەبەستووە.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26.3.2023 رایگه‌یاند، ئێستا بنكەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە پێشوازیی هاوبەشانی ئاودا دەبن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو.

هاوكات داشكانیش بۆ مامه‌ڵه‌كردنه‌كان كراوه‌ و به‌م شێوه‌یه‌یه‌:

1- بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار.

2- بەستنی پێوەر لە قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار.

3- فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە بەستنی پێوەری ئاو، بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاوبەشانی ئاو دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی نوێكراوەتەوە لێی سوودمەند بن.

4- پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە تا 21/4/2023 مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن، ئەگینا دوای ئەو ماوەیەی دیاریی كراوە، ناتوانن لە داشكاندنەكەی حكومەت سوودمەند بن.

5- بڕیارەكە چەند جارێكه‌ لەبەر بەرژەوەندیی هاوڵاتیان نوێده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام لە دوای 21/4/2023 چیتر نوێ ناكرێتەوە.