پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەگاتە هەولێر

964+

فەرمان سادق

دوای دەستکردن بە پێدانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە بەغدا، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو لە شارەکانی نەینەوا، نەجەف، هەولێر و بەسڕە دەستبە دابەشکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بکرێت.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم هاوڵاتی عێراقی بوو کە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە بەغدا وەرگرت، ماوەی مانگێکە پێدانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە شاری بەغدا دابەش دەکرێت.

عەمید ماجد عەدنان، بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاندووە، سەرەتای مانگی داهاتوو لە شارەکانی هەولێر، نەینەوا، نەجەف و بەسڕە دەستدەکرێت بە پێدانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بە هاوڵاتیان.

بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا کە ماوەی نزیکی داهاتوودا بۆ ئەوانەی مامەڵەی نوێکردنەوەی پاسپۆرتییان کردووە، 500 هەزار دەفتەری پاسپۆرت بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکان دابەشدەکرێت بۆ بەڕێکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان.

پاسپۆرتە ئەلیکترۆنییەکە 18 هێمای روون و نهێنی لەسەرە، لەگەڵ پەنجەمۆر و وێنەی رووخسار، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی ئەمنیەت، بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی عێراقیش دەڵێت: زۆر زەحمەتە ساختە بکرێت.