سلێمانى
ململانێی رووناکی و تاریکی؛ کورتە فیلمی (درامان) بە رۆڵبینینی نزار سەلامی نمایشکرا
دیلان محەمەد- سلێمانى
بە دەرهێنانی دەرهێنەری گەنج لازیۆ زانا، کورتە فیلمی “درامان” نمایشکرا، کە کارێکی نوێی سینەماییە و باس لە ئاڵۆزییەکانی ناخ و دەروونی مرۆڤ دەکات.
فیلمەکە کە ماوەکەی کەمترە لە 30 خولەک، لە ژانری “ئاڵۆز و وەهمی”یە. لەم بەرهەمەدا ئەکتەری ناسراو نزار سەلامی رۆڵی کارەکتەری سەرەکی دەگێڕێت. خاڵی جیاواز و سەرنجڕاکێشی چیرۆکەکە ئەوەیە کە سێ ئەکتەری دیکە رۆڵی ناخ و دەنگە ناوەکییەکانی کارەکتەرەکەی نزار سەلامی بەرجەستە دەکەن.
هەریەک لەو سێ ئەکتەرە نوێنەرایەتی لایەنێکی دەروونی کارەکتەرەکە دەکەن، هەردوو ئەکتەر بنار فایەق و مستەفا بەکر رۆڵى لایەنی “رووناکی” و باشەی ناخی نزار سەلامی دەگێڕن، لە بەرامبەریشدا ئەکتەر یاسین عومەر رۆڵی بەشە “تاریک” و خراپەکەی ناخی بەرجەستە دەکات.
“لە نێوان رووناکی و تاریکیدا، جیهانێک لە خەیاڵەوە دەرکەوتووە. هەمیشە ئێمەی مرۆڤ لە ململانێی رووناکی و تاریکیی ناخی خۆمانین، کە بەهۆی ئەم بەشە خراپەوە هەمیشە ئێمە تاوانبارین”. کرۆکى فیلمەکە شیکردنەوەى ئەو دۆخەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح