کێڵگەیەکی پاککراوە دیسان مینی لێ دۆزرایەوە

964+
محەمەد عومەر- هەڵەبجە
لە ناوچەی گوندی خەرپانی پارێزگای هەڵەبجە، پێنج مین لە کێڵگەیەک دۆزرایەوە کە پێشوتر لەلایەن دەزگای مین ئەو کێڵگەیە پاککرابویەوە.

گوندی خەرپانی دەکەوێتە رێگای نێوان پارێزگای هەڵەبجە و بیارە.

هۆشیار بیاوێڵەیی، خۆبەخش و شارەزای بواری هەڵگرتنەوەی مین بە 964 وت “پێنج مینی ئیتاڵی بوون لە جۆری VS50 لەگەڵ هاوەنێکی 120ملیمی جوندولئیسلام بوو، ئەو شوێنە پێشووتر بەڕێوەبەرایەتی مین پاکی کردۆتەوە، بەڵام ئەو ژمارە مینەی لێ مابوو”.
رۆژی پێنجشەممە 23.3.2023 لەکاتێکدا چەند مامۆستایەک بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە لەو ناوچەیە بوون، ئەو ژمارە مینەیان بینیوە، بە وتەی هۆشیار بیاوێڵەیی، “دوای ئاگادارکردنەوەی ئاسایش پێیان وتون رۆژی دووشەممە دەزگای مین دێت بۆ پاککردنەوە، بەڵام من بە چەند سەعاتێک ئەو کارەم کرد”.
هۆشیار بیاوێڵەیی، ماوەی 37 ساڵە وەک خۆبەخش مین لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان پوچەڵدەکاتەوە، بە وتەی خۆی تا ئێستا دوو ملیۆن و 686 هەزار مینی پوچەڵکردۆتەوە، ئەمەش بێجگە لەو دوو هەزار و 700 بۆمبەی لە باشوری کەرکوک پوچەڵیکردوەتەوە.

“بەیانی دەچم لە ناوچەی باڵامبۆ، شوێنێک هەیە مینی لێ پاکدەکەمەوە، لەو ماوەیەی رابردوو لەیەکێک لە ناوچە شاخاویەکان حەوت ئەلغامی دەبابەم پوچەڵکردەوە کە روسی بوون بەهۆی بارانی زۆر دەرکەوتبوون” هۆشیار بیاوێڵەیی ئەمەی وت.

راپۆرتێکی کەناڵی I news -ی بەریتانی دەریدەخات، عێراق زۆرترین رووبەری پیس بووە بە مین، بەجۆرێک هەزار و 723 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە عێراق بە مین پیس بووە و لەسەر ئاستی جیهان لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت لەرووی ژمارەی زۆری مینی چێنراو.