دانیشتووانی ئامێدی و شێلادزێ لە 15 جۆر گیای بەهارە بێبەش دەکرێن

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بۆ ئەمساڵ خەڵکی دەڤەری ئامێدی و شیلادزێ بەهۆی رەوشی تەناهی ناوچەکە لە دەیان جۆر گیای بەهارە بێبەش بوون.

گیایەکانی سترک، چوورین، کاردی، لیش، رێواس، قارچک، شیرکێت، هنگەدان، ترشۆک، ئەو گیایانەن کە دەڤەری ئامێدی و شیلادزێ پێیانەوە دەوڵەمەندن.

ساڵانە خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە بایی ملیۆنان دینار لە فرۆشتنی ئەو گیایانەیان دەستدەکەوێت، بەڵام رەوشی تەناهی ناوچەکە گرفتی بۆ دروستکردوون.

نایف عەبدوڵلا، دانیشتووی کۆمەڵگای سیریێیە کە سەر بە ناحیەی شیلادزێیە بە 964ی وت، پارساڵ زۆرجار دەچووینە دەڤەرەکە و هەر جارێکیش کە دەهاتینەوە بایی 50 بۆ 100 هەزار دینار لەو گیایانەمان دەهێنایەوە و دەمنافرۆشتەوە.

دەشڵێت: ئەمساڵ لە ترسی بۆردومانی سوپای تورکیا نەڕۆیشتووین.

ساڵانێکی زۆرە بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا، سەدان هەزار هاوڵاتی دانیشتووی گوندەکانی هاوسنووری نێوان تورکیا و عێراق، گوندەکانیان چۆڵ کردووە. ئەو دۆخە بەردەوامی هەبووە و ئێستا ناوچەکان دابڕێندراوەکان بەهۆی بەردەوامی شەرەکەوە زۆر زۆر زیادیان کردووە.

سیتە، گوندەکەی نایف عەبدوڵا، وەک خۆی باسی دەکات کە 4 بۆ 5 کیلۆمەتر لە بنکەی سەربازی سوپای تورکیا دوورە، ئەو دەڵێت: سوپای تورکیا رێگا نادەن بچینە ناو گوندەکەمان.

زیاتر وتیشی “ناوچەکەی ئێمەیان داگیر کردووە، رێگە نادەن بۆ گیای بەهارەش بچینەوە گوندەکانمان”.

بەرقی ئیبراهیم، ئەویش دانیشتووێکی دیکەی ناحیەی شیلادزێیە، باس لە پارساڵ دەکات کە سەردانی ناوچەکەی کردووە و گیای “سترک”ـی کردووە و دەڵێت: یەکجار رۆیشتم 150 هەزار دینارم قازانج کرد، بەڵام ئەمساڵ رێگایان نەدا بچین.

بە قسەی بەرقی بێت، تەنیا لە سنووری ناحیەی شیلادزێ “تائێستا 33 کەس بەهۆی بۆردومانی تورکیا کوژراون، لەم ژمارەیەدا سێ کەس یان خەڵکی گوندی منن، نزیکەی 100 کەسیش برینداربوونە”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق