پێشتر نەبووە

پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە گەیشتە گەرمیان

964+
هونەر فارس – کەلار

سەنتەری گورچیلەی دەستکرد لە گەرمیان پێشتر پزیشکی پسپۆڕی ئەو بوارەی نەبوو، ئێستا پزیشکێکی پسپۆڕی بۆ دانراوە بە قسەی بەرپرسی سەنتەرەکە.

سەنتەرەکە پێشتر کێشەی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلەی هەبوو، نەخۆشەکان لەلایەن دکتۆری باتنیەوە دەبینران و بۆ راوێژی پزیشکی سەردانی سلێمانیان دەکرد.

سەنتەرەکە ئەو نەخۆشانە لەخۆ دەگرێت کە پێویستیان بە غەسلی گورچیلەیە، ساڵانەش نزیکەی 2500 غەسل بۆ توشبووانی ئەو نەخۆشیە دەکرێت کە ژمارەیان نزیکی 35 نەخۆشە و هەر یەکێکیان لە هەفتەیەکدا پێویستی بە دوو غەسلی گورچیلە هەیە.

کاروان محەمەد بەرپرسی سەنتەری گورچیلە لە تەندروستی گەرمیان، بۆ 964 وتی، رۆژانە بە بەردەوامی نزیکەی 15 نەخۆش بەمەبەستی غەسلکردنی گورچیلە سەردانی سەنتەرەكەیان دەکەن.