سزای هەرکەسێک دەدرێت ئەو کارە بکات
ئەوە نەما بە ئارەزووی خۆت نرخ بەرز بکەیتەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە لە مانگی رەمەزاندا بە چڕی چاودێریی نرخ دەکرێت لەناو بازاڕی شاری سلێمانی. ژووری بازرگانیی شارەکە دەڵێت؛ بەتایبەت چاویان لەسەر نرخی خۆراک دەبێت.
بەهۆی هاتنی مانگی رەمەزان و زیادبوونی خواستی هاوڵاتیان لەسەر خواردەمەنی، مەترسیی بەرزکردنەوەی نرخەکان لە لایەن بازرگان و خاوەن دوکانەکانەوە هەیە.
ژووری بازرگانیی سلێمانی لەگەڵ قایمقامییەت و تەندروستیی شارەکە لیژنەی بەردەوامیان لەناو بازاڕ دەبێت و “سزای هەرکەسێک دەدەن نرخ زیاد بکات و خواردنی ناتەندروست پێشکەش بکات”.
سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی 964ـی وت “کە خواست لەسەر کاڵا و خواردەمەنی زۆر بوو بڕێک نرخ بەرز دەبێتەوە بەڵام ئەو نرخە دیاریکراوە و دەبێت لەژێر چاودێریی ئێمەدا بێت”.
دەشڵێت، لیژنەکان رۆژانە لە چەند کاتێکی جیاوازدا چاودێریی نرخ و شیاویی خواردن و کەلوپەلەکان دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.3.2023 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.