لەسەر سکاڵای خانمێک بووە

ئاسایشی هەولێر: شاباز زەمانی لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکراوە

964+

عادل کانەبی – هەولێر

گۆرانیبێژ شاباز زەمانی لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکێکی شاری هەولێر لەلایەن ئاسایشی شارەکەوە دەستگیرکراوە، وتەبێژی ئاسایش ئەمەی بۆ 964 ئاشکراکرد.

عەقید سەباح خدر وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بۆ 964ی باسکرد، “دەستگیرکردنەکە بە فەرمانی دادوەر و لەسەر سکاڵای خانمێک بووە”.

هەروەها وتی، ژنەکە بە تۆمەتی “بەکارهێنانی توندوتیژی” سکاڵای لەسەر شاباز زەمانی تۆمارکردووە.

ئەگەرچی دوو شەو لەمەوبەر، ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە و تیایدا، لە رێستۆرانتێکی شاری سلێمانی شاباز زەمانی دەردەکەوێت کە هێرشدەکاتە سەر دوو پیاو، بەڵام ئاسایشی هەولێر رەتیدەکاتەوە ئەم دەستگیرکردنە پەیوەندی بەو رووداوە هەبێت.

رووداوی هێرشکردنە سەر دوو پیاوەکە لە سلێمانی بووە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە

964 دەزانێت، ئێستا شاباز زەمانی راگیراوە و چاوەڕێناکرێت ئەمشەو ئازاد بکرێت، بەڵام ئاسایشی هەولێر دەڵێت، بۆ سبەینێ پێنجشەممە لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر بابەتەکە دەکەن.