"ژیان وەکی تەماتەی کوشرایە بەس تڵپەکەی مایە"

لەگەڵ گرانبوونی بەنزین نەفەراتی تەکسی و پاس کەمبووەتەوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لەگەڵ گرانبوونی بەنزین، نەفەراتی تەکسی و پاس لە هەولێری پایتەخت کەم بووەتەوە و کەسێک ئیشێکی زۆر زەرووری نەبێ، لە ماڵ نایەتەدەر و خۆی تووشی خەرجی ناکات.

سالار سەڵاح شۆفێری پاسە و لەناو بازاڕی هەولێر چاوەڕێی نەفەر دەکات، ئەو بە 964ـی وت، “دوای گرانبوونی بەنزین، ناو پاسەکانی ئێمەیش چۆڵ بوون، لە کانی قڕژاڵەوە بە چوار نەفەرەوە هاتووم و بە چوار نەفەریشەوە دەگەڕێمەوە”.

سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ بەراورد بە تەکسی نەفەراتی پاس زیادیکردووە یان نە، سالار سەڵاح دەڵێ، “زۆر دەوری نییە، بەنزین گرانە، بێ مەعاشییە و لەگەڵ ئەوەشدا گەرمایە، بۆیە خەڵک هەر نایەتە بازاڕ”.

قەیرانی دارایی و بێ بازاڕی و شەڕوشۆڕی ناوچەکە، کاریگەریان لەسەر گوزەرانی هەموو خەڵکی کوردستان دروست کردووە، سەید تاهیر ئەزوەر شۆفێری تەکسییە و دەڵێت، “ژیان وەها کوشرایە وەکی تەماتەیەکی، بەس تڵپەکەی لەدەستی میللەتا مایە”.

ئەو مام حاجییە نەخۆشی شەکرەی هەیە و دەڵێت، دەوا و دەرمان گرانە و 15 رۆژیش دەبێ دەنکێک حەبی نەخواردووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری